عەباس عێراقچی: زانیاری هەواڵگریی ساختە ئەمریکای دوچاری هەڵەی گەورە کردووەتەوە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە واشنتن و رایدەگەیەنێت، کە ئەمریکا بەهۆی "زانیاریی هەواڵگریی ساختە"وە، جارێکی دیکە لە لێکدانەوەکانیدا بەرامبەر تاران تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە، بەتایبەتی لە پرسی گەرووی هورمزدا.
رۆژی پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاویکردەوە، واشنتن ماوەیەکی درێژە بەهۆی شکستی دامەزراوە هەواڵگرییەکانییەوە، لە لێکدانەوەکانیدا تووشی هەڵە دەبێت.
عێراقچی وەک نموونە ئاماژەی بە پرسی شەڕی دژ بە ئێران کرد و رایگەیاند، ئێستا ئەمریکا تووشی لێکدانەوەیەکی هێندە گەورەتر و هەڵەتر لەبارەی گەرووی هورمزەوە بووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا هۆشداریی داوە و دەڵێت: "هەواڵگریی ساختە، مەترسیدارتر و خراپترە لە هەواڵی ساختە؛ بۆیە پێویستە واشنتن ئاگادار و وریای هەنگاوەکانی بێت."
عێراقچی لە کۆتایی پۆستەکەیدا نوسیویەتی: "خودا گەورەیە و لە هەر هێزێکی سەر زەوی مەزنترە، ئێمە تەنیا متمانەمان بە خودایە."
ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ناوچەکە و بەتایبەت لە گەرووی هورمز، جارێکی دیکە روویان لە هەڵکشان کردووەتەوە.