شاندێكی ئەمنیی عێراق گەیشتە سعوودییە؛ هێرشەکانی ئەم دواییە تاوتوێ دەکرێن

ئاڵای سعوودییە و عێراق
ئاڵای سعوودییە و عێراق

شاندێکی ئەمنیی عێراق گەیشتە ریاز و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی سعوودییە کۆببێتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای ئەمنیی بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودییە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندە عێراقییەکە بابەتی هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر سعوودییە و وەڵامە هاوبەشەکەی سعوودییە و ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی لەگەڵ بەرپرسانی ریاز تاوتوێ دەکات. 

هەروەها هەماهەنگیکردنی هەوڵە هەواڵگری و ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت.

ئەم سەردانەی شاندی عێراق بۆ سعوودیە، دوای سەردانێکی شاندێکی ئەو وڵاتە دێت بۆ بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەرۆکایەتیی خالید بن عەلی حومەیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سعوودی، کە تێیدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا، پەرۆشیی حکوومەتەکەی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ سعوودیە دووپات کردبووەوە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی بەغدای بە ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە زیان بە ئاسایشی وڵاتانی دیکە بگەیەنێت کردبووەوە.

بڕیار بوو عەلی زەیدی لە 30ـی تەممووزی رابردوو سەردانی ریاز بکات، بەڵام سەردانەکە دواخرا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە و ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی پێشووی ئەو گرووپانە بۆ سەر سعوودیە.