بەرگریی عێراق: جووڵەی سەربازیی نێوان کەرکووک و خورماتوو تەنیا رێکخستنەوەیە

هێزێکی سوپای عێراق
هێزێکی سوپای عێراق

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی سوپا لە نێوان کەرکووک و خورماتوو رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، رووداوەکە تەنیا رێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە لەبارەی کشانەوەیەکی گەورەی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکانی نێوان خورماتوو و کەرکووک؛ دوورن لە راستییەوە. 

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری روونیکردووەتەوە، ئەوەی لەو ناوچانە کراوە بریتییە لە بڵاوەپێکردنەوە، گۆڕین و مانۆڕی یەکە سەربازییەکان.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک پێگە بە هێزی زیاتر بەهێز کراون لە چوارچێوەی پلان و رێکارە سەربازییە پەسەندکراوەکاندا، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە کشانەوە لە بنکە سەربازییەکان نییە.