ئایشەگول دۆغان: یەکەمجارە هەنگاوێکی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد بنرێت
گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، یاسای چوارچێوەی ئاشتی کە لە پەرلەمان پەسەند کراوە، هەنگاوێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی 100 ساڵە و جەختی کردەوە کە هیچ هۆکارێکی یاسایی نەماوە بۆ هێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە زینداندا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای گشتی پارتەکەی لە ئەنقەرە، هەڵسەنگاندنی بۆ یاسای چوارچێوەی ئاشتی کرد کە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا.
دۆغان رایگەیاند: "بۆ یەکەمجار لە مێژووی 100 ساڵەی پرسی کورددا، هەنگاوێکی یاسایی نراوە. ئەمە پڕۆسەیەکی نهێنی نییە و بۆ مەبەستی ئاشتی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی ئەو دەنگە مێژووییەی پێ دراوە."
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا رێکخراوێک هەیە (پەکەکە) کە بە فەرمی کۆتاییهێنانی خەباتی چەکداری راگەیاندووە و چەکەکانی لەناو بردووە، گوتیشی: "یاسای چوارچێوە رێکاری یاسایی بۆ ئەم دۆخە نوێیە دیاری دەکات. ئەوانەی باس لە دابەشبوونی وڵات دەکەن، پڕوپاگەندەی بێ بنەما دەکەن، چونکە هیچ داواکارییەکی جیابوونەوە لە ئارادا نییە."
دۆغان رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە تەنیا داوای رێگەی سەربازی دەکەن و گوتی: "بۆ ماوەی 40 ساڵ رێگەی ئەمنی تاقی کرایەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قووڵکردنەوەی کێشەکان. چارەسەری راستەقینە تەنیا بە سیاسەت، دیالۆگ و دانوستان دەبێت."
سەبارەت بە پرسی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، ئایشەگول دۆغان رایگەیاند: "بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری، هیچ هۆکارێکی یاسایی نییە بۆ مانەوەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە زیندان و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن."
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، دۆغان ئاشکرای کرد کە 5ـەمین کۆنگرەی ئاسایی دەم پارتی لە رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2026 لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت.