تەقینەوە لە بەندەرێکی هۆڵەندا روویدا
بەهۆی تەقینەوەیەک لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەندەری رۆتەردام لە هۆڵەندا، کەسێک گیانی لەدەست دا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون،.
پۆلیسی هۆڵەندا رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، تەقینەوەیەک لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەندەری شاری رۆتەردام روویدا.
بە گوتەی پۆلیس، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، شەش ئەمبوڵانس، هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنەکە کران.
دەزگای پەخشی ناوخۆیی راینمۆند بڵاویکردەوە، تیمێکی چاکسازیی سەرقاڵی کارکردن بوون لەسەر بۆڕییەکانی ناو کۆمپانیاکە، پێدەچێت لە کاتی لێکردنەوەی بۆڕییەکاندا هەڵەیەک روویدابێت و تەقینەوەکەی لێکەوتبێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، شوێنەواری تەقینەوەکە بەسەر یەکێک لە تانکییەکانی هەڵگرتنەوە بەڕوونی دیارە.
بەندەری رۆتەردام یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین بەندەرەکانی جیهان و گەورەترینە لە ئەوروپا، دەکەوێتە وڵاتی هۆڵەندا.
ناوچەی یۆرۆپۆرت و بۆتلێک لە ناو بەندەرەکەدا بە ناوەندێکی سەرەکیی پیشەسازیی پترۆکیمیاوی و پاڵاوتنی نەوت دادەنرێن و چەندین کۆمپانیای زەبەلاحیان تێدایە.