عێراق دەیەوێت واشنتن و حزبوڵڵای لوبنانی بەیەک بگەیەنێت
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەمواج"ـی بەریتانی، پێشهاتە پەیوەندیدارەکان بە هەڵوێستی عێراق بەرامبەر حزبوڵڵای لوبنانی، رەنگدانەوەی سیاسەتی خۆپارێزیی حکوومەتی عەلی زەیدییە، کە لەلایەکەوە ناتوانێت بە تەواوی دەستبەرداری گرووپە چەکدارەکان بێت، لەلایەکی تریشەوە لایەنگری ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەکات.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، شاندێکی حزبوڵڵا پێش سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن لە عێراق لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی کردووە ببێتە نێوەندگیر بۆ ئاسانکاریکردنی گفتوگۆکان لە نێوان حزبوڵڵا و واشنتندا.
سەرەڕای ئەوەی حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانیدا هەبووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لە ناوەڕاستی تەممووزدا بە بێدەنگی فەرمانی بە بانکەکان کرد بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دژی کەس و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بە حزبوڵڵاوە.
ئەمەش لەکاتێکدا بووە کە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، رۆژنامەی فەرمی عێراق حزبوڵڵا و حوسییەکانی یەمەنی خستبووە لیستی تیرۆرەوە، پێش ئەوەی بە بیانووی هەڵەی تەکنیکی لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە.
لە 16ـی تەممووزدا، گومرکی سووریا کاروانێکی چەکی شاردراوەی لە ناو تەنکەرێکی نەوتدا کە لە عێراقەوە دەپەڕییەوە بۆ سقوریا لە دەروازەی تەنەف دەستگیر کرد، کە گومان دەکرا بەرەو لوبنان بڕوات، ئەم رووداوانە دەریدەخەن کە عێراق کەوتووەتە نێوان دوو بەرەی رکابەرەوە، و زەیدی سیاسەتی خۆپارێزیی گرتووەتەبەر، لە کاتێکدا مۆڵەتی 30ـی ئەیلوول بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان دیاریکردووە.
ئەمیل نەخلە، لێکۆڵەری هەرێمی، رایگەیاندووە، بەغدا بەرەو نزیکبوونەوە لە واشنتن دەچێت و عەلی زەیدی دەیەوێت پەیوەندیی باش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروست بکات. بەڵام زەیدی مەودایەکی کەمی هەیە دژی حزبوڵڵا بوەستێتەوە، چونکە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپەچەکدارەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی بە سەرکردایەتی ئەحمەد حەمیداوی رەتیدەکاتەوە چەک دابنێت و تێکەڵی هێزە ئەمنییەکان بکرێن، عەلی مەعەموری، توێژەر لە زانکۆی دێکین، دەڵێت، پەیوەندیی حزبوڵڵا بە لایەنە شیعییەکانی عێراقەوە قووڵ و مێژووییە و بۆ سەردەمی دەربەدەرییان لە دەیەی هەشتاکان دەگەڕێتەوە.
لە سەردانەکەی 26ـی تەممووزدا، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نەواف سەلام لە عێراق باسی لە نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکووک-بانییاس کرد، سەرچاوەیەک لە حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی میوانداریکردنی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان حزبوڵڵا و ئیدارەی ئەمریکای کردووە، هاوکات ترەمپیش لە 21ـی تەممووزدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەیە قسە لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵڵا بکات ئەگەر سەرۆکی لوبنان جۆزێف عۆن بە باشی بزانێت.