زولفەقاری: گەرووی هورمز لە کۆنترۆڵی ئێمەیە
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران ئاماژە بەوە دەکات، تێپەڕین لە گەرووی هورمزەوە پێویستی بە مۆڵەتی ئێرانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئێراندایە و هیچ کەشتییەک بەبێ رەزامەندیی ئێران ناتوانێت بەو رێڕەوەدا تێپەڕ بێت.
زولفەقاری بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ئاماژەی بەوە دا، هیچ کەشتییەکی بازرگانی، یان نەوتهەڵگر بەبێ مۆڵەت و چاودێریی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ناتوانێت بە شێوەیەکی پارێزراو لەو گەرووەوە هاتوچۆ بکات.
گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختیشی کردووەتەوە، ئیدیعاکانی ئەمریکا لەبارەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزەوە دوورن لە راستییەوە و هێزە چەکدارەکانی ئێران چاودێریی تەواوی جموجۆڵەکان لە ناوچەکەدا دەکەن و بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەیان، وەڵامی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەدەنەوە.
زولفەقاری دەشڵێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران لەژێر فەرماندەیی باڵادا، ئامادەییان هەیە بۆ هەر ئەگەرێک و وەڵامەکانیان بۆ هەر هەڕەشەیەک لە پێشوو تووندتر دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دۆناند ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، لە ئێستادا گەرووی هورمز کراوەیە و هێزی دەریایی ئەمریکا بە تەواوی کۆنترۆڵی کردووە، دوای ئەوەی توانیویانە هەموو ئەو مینانە لابدەن کە لە گەرووەکەدا چێنرابوون، هاوکات گوتی،" ئێمە گەمارۆیەکی توندمان خستووەتە سەر ئەو وڵاتە و تەنها رێگە بەو کەشتییانە دەدەین تێپەڕن کە روو لە ئێران ناکەن."