لە تورکیا؛ سەرۆکی رەوتێکی دیاری سۆفیگەری بە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکرا
داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژ بە گرووپی ئایینیی "سولەیمانییەکان" بڵاوکردەوە. تاوەکو ئێستا 30 تۆمەتبار بە سەرۆکی گرووپەکەشەوە دەستگیرکراون و دەست بەسەر کۆمپانیاکانیاندا گیراوە، بە تۆمەتی پێکهێنانی رێکخراوی تاوانکاری و سپیکردنەوەی زیاتر لە 100 ملیار لیرە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئەنقەرەدا، فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتن بۆ 49 تۆمەتبار دەرچوو کە عەلیهان کوریش، رێبەری گرووپەکەی لەناودایە، تاوەکو ئێستا 30 کەس دەستگیرکراون، دەرکەوتووە سێ تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵاتن و گەڕانیش بۆ دەستگیرکردنی 10 تۆمەتباری دیکەی راکردوو بەردەوامە.
ئۆپەراسیۆنەکە 17 پارێزگای گرتووەتەوە (لە سەروویانەوە ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئەنتالیا). لەو چوارچێوەیەدا پشکنین بۆ 43 ئادرێسی کەسیی تۆمەتباران و 80 ئادرێسی سەر بە 33 کۆمپانیا کراوە.
سەرچاوە دادوەرییەکان روونیان کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان پەیوەندییان بە چالاکیی کۆمەڵایەتی یان ئایینییەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پێکهێنانی "تۆڕێکی تاوانکاریی ئابووری و دارایی".
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای لێکۆڵینەوە لە تاوانە داراییەکان (MASAK)، زیاتر لە 100 ملیار لیرەی تورکی نزیکەی 3 ملیار دۆلار لە رێگەی کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی سەر بەم گرووپەوە بە ڕێگەی جیاواز براوەتە دەرەوەی وڵات. بەوهۆیەوە، بڕیاری دانانی قەییوم (دەستەی چاودێر) بۆ کۆمپانیا گوماناوییەکان و دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەکانیان دەرچووە.
تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان بۆ سەر رێبەر و ئەندامانی گرووپەکە بریتیین لە: "پێکهێنان و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی تاوانکاری"، "ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانکاری"، "سپیکردنەوەی دارایی بەدەستهاتوو لە تاوان"، "فێڵکردن لە دامەزراوە گشتییەکان" و "پێشێلکردنی یاسای باج".
لەلایەکی دیکەوە، موستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە کەناڵەکان ئاشکرای کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری داد بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکەیان داوە و گوتی "ماوەیەکی درێژبوو کار لەسەر پێکهاتە و قۆناخە داراییەکانی ئەم رێکخراوە دەکرا."
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتیشی "لە ساڵی 2016وە کاتێک عەلیهان کوریش بووە رێبەری گرووپەکە، چالاکییەکانیان زۆر بە نهێنی بەڕێوە دەبردران. زانیاریمان هەیە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا خەریکی دروستکردنی مەڵبەندێکی گەورەن بە گوژمەی 70 ملیۆن دۆلار؛ پێشبینی دەکەین دوای تەواوبوونی، تەواوی چالاکییەکانیان بۆ ئەوێ بگوازیتەوە."
عەلیهان کوریش، تەمەنی 46 ساڵە و ماوەی 10 ساڵە رێبەرایەتیی گرووپی سولەیمانییەکان دەکات.