بەهۆی تەقینەوەیەک لە هۆڵەندا کەسێک گیانی لەدەستدا

بەهۆی تەقینەوەیەک لە بەندەرێکی رۆتردام لە هۆڵەندا کەسێک گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، پۆلیسی هۆڵەندا رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەندەری شاری رۆتەردام روویدا، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران. 

بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، شەش ئەمبوڵانس، هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنەکە کران.

دەزگای پەخشی ناوخۆیی راینمۆند بڵاویکردەوە، تیمێکی چاکسازیی سەرقاڵی کارکردن بوون لەسەر بۆڕییەکانی ناو کۆمپانیاکە، پێدەچێت لە کاتی لێکردنەوەی بۆڕییەکاندا هەڵەیەک روویدابێت و تەقینەوەکەی لێکەوتبێتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، شوێنەواری تەقینەوەکە بەسەر یەکێک لە تانکییەکانی هەڵگرتنەوە بەڕوونی دیارە.

بەندەری رۆتردام یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین بەندەرەکانی جیهان و گەورەترینە لە ئەوروپا، دەکەوێتە وڵاتی هۆڵەندا. ناوچەی یۆرۆپۆرت و بۆتلێک لە ناو بەندەرەکەدا بە ناوەندێکی سەرەکیی پیشەسازیی پترۆکیمیاوی و پاڵاوتنی نەوت دادەنرێن و چەندین کۆمپانیای زەبەلاحیان تێدایە.