دەست بەسەر 45 هەزار حەبی هۆشبەردا گیرا کە لە سووریاوە رەوانەی عێراق دەکران
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند؛ کارمەندانی بنکەی گومرگی "ئەلوەلید" بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، توانیویانە دەست بەسەر 45 هەزار حەبی هۆشبەردا بگرن کە لە سووریاوە دەهێنرانە ناو عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوێکی دەستەی گومرگەکانی عێراقدا هاتوو، ئۆپەراسیۆنەکە دوای بەدەستهێنانی زانیاریی وردی هەواڵگری بەڕێوەچوو. لە ئەنجامی پشکنینی وردی هێزە ئەمنییەکان، شوێنێکی شاراوە لەناو تەنکەرێکی بەتاڵدا دۆزرایەوە کە لە کۆماری عەرەبیی سووریاوە هاتبووە ناو خاکی عێراق.
ئاماژە بەوەش کراوە، 45 هەزار حەبە هۆشبەرەکە بە شێوەیەکی تۆکمە لەناو تەنکەرەکەدا شاردرابوونەوە، بە مەبەستی هێنانە ژوورەوەیان و بڵاوکردنەوەیان لەناو شارەکانی عێراقدا.
دەستەی گومرگەکان رایگەیاندووە، شۆفێری تەنکەرەکە دەستگیرکراوە و دەست بەسەر حەبە هۆشبەرەکاندا گیراوە، تۆمەتبارەکەش لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا بە مەبەستی وەرگرتنی رێکارە یاساییەکان رادەستی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراوە.
هەروەها دەستەی گومرگەکانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە لەسەر چاودێرییە توندەکانیان لە دەروازە سنوورییەکان بەردەوام دەبن، بۆ رێگری لە چوونەژوورەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی ئاسایشی وڵات و تەندروستیی هاووڵاتییان.