حووسییەکان: پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆمان بۆردوومان کرد

هێزە چەکدارەکانی یەمەن (حوسییەکان) رایانگیاند: لە رێگەی دوو درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعودیە لە ناوچەی جیزان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حوسییەکان بە ئاژانسی دەنگوباسی "سەبا"ی راگەیاندووە: لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) پاڵاوگەی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە ناوچەی جیزانی ناو خاکی سعودیە کردووەتە ئامانج و بەگوێرەی سەرچاوەکە "ئامانجەکە بە تەواوی و بە وردی پێکراوە."

ئەو سەرچاوە سەربازییە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشە وەک وەڵامێک بووە بۆ بەزاندنی سەروەریی خاکی یەمەن و ئاسمانی پارێزگاکانی "سەعدە" و "حەججە" لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی سعودییەوە.

سەرچاوە سەربازییەکەی حوسییەکان جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە وەڵامدانەوەی توند و راستەوخۆ بۆ هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە بکرێتە سەر سەروەریی خاکی یەمەن یان ئامانجگرتنی گەلەکەیان.