عێراق و سووریا دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی کەمپی هۆل تاوتوێ دەکەن
شاندێکی باڵای دادوەریی عێراق، گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی سووریا کۆبووەوە، کە تێیدا دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی کەمپی هۆل و ئاسۆکانی هاوکاریی دادوەریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.
پێنجشەمە، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای دادوەریی عێراق، بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی وەزیری دادی سووریا، سەردانی دیمەشقی کرد و هەردوولا دوایین پێشهات و دۆسیەی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
لەیس جەبر، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیی دادوەری لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکاندا، سەرنج خراوەتە سەر دۆسیەی ئەو دەستبەسەرکراوە سوورییانەی کە عێراق لە کەمپی هۆلەوە وەریگرتوونەتەوە.
جەبر ئەوەشی خستەڕوو، کە هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەی دادوەریی هاوبەش بۆ بەستنی کۆبوونەوەی بەردەوام بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە دادگاییکردنی دەستبەسەرکراوەکانی کەمپی هۆل.
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکاندا هەردوو وڵات بیروبۆچوونی خۆیان لە بارەی بەهێزکردنی هاوکاریی دادوەریی و پەرەپێدانی گۆڕینەوەی زانیاری و ئەزموونەکان ئاڵوگۆڕ کردووە، هاوشان لەگەڵ ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی دادوەریی لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە داهاتوودا".