وەزارەتی دادی عێراق: لە زیندانی حللە گرژی دروست بوو

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند: کە پشێوییەکی سنووردار لە بەندیخانەی چاکسازیی حللە لەلایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکانەوە ڕوویداوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە تەواوی جێگیر کراوە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.

پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، وەزارەتی دادی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "پشێوییەک لە بەندیخانەی چاکسازیی حللە لە لایەن ژمارەیەک لەو بەندکراوانەوە دروستبووە کە بە پێی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ژمارە 50ـی ساڵی 2017 سزا دراون".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رووداوانە لە کاردانەوەی ئەو رێکارە ئەمنییە توند و رێوشوێنە خۆپارێزییانەوە هاتوونەتە ئاراوە، کە ئیدارەی بەشی بەندیخانەکە لە چوارچێوەی ئەرکە یاساییەکانی خۆیدا گرتوویەتیەبەر، بە مەبەستی رێگریکردن لە هێنانەناوەی ماددە قەدەخەکراوەکان بۆ زیندانیان و، پاراستنی ئاسایشی بەشی چاکسازییەکە و سەلامەتیی بەندکراوان و کارمەندانی ناو بەندیخانەکە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزارەت دەیەوێت دڵنیایی بداتە کەسوکار و خێزانی بەندکراوان، بە تایبەتی خێزانی ئەو کەسانەی لە بەشی چاکسازیی حللە راگیراون، کە دۆخەکە جێگیرە و لەژێر کۆنترۆڵدایە و کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچن.