ئەحمەد شەرع و فایەق زێدان پەرەپێدانی پەیوەندییە یاساییەکانی بەغدا و دیمەشقیان تاوتوێ کرد

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و پەرەپێدانی هاوکارییە یاسایی و دادوەرییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی سووریا، ئەحمەد شەرع لە دیمەشق پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و شاندی یاوەری کرد. هەروەها کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و مەزهەر ئەلوەیس، وەزیری دادی سووریا بەڕێوەچوو.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتوو، لە رووبەرووبوونەوە و دیدارەکەدا باسیان لە رێگەکانی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ لە بوارەکانی دادوەری و یاساییدا کردووە، هاوکات چەندین پرسی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان بەغدا و دیمەشقیان تاوتوێ کرد.