ئیمارات: هێرش کراوەتە سەر دوو کەشتیمان لە گەرووی هورمز
ئیمارات بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری کۆمپانیای "ئەدنۆک"ـی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا کرد و، رایگەیاند: ئەم کارە پێشێلکارییەکی زەق و روونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە لە راگەیەنراوێکدا، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک)، لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستدرێژییە پێشێلکردنێکی زەق و فەرمیی بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشە، کە جەختی لەسەر ئازادیی کەشتیوانی کردووەتەوە و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان یان پەکخستنی رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ئیمارات جەختیشی کردەوە، کە بە ئامانجگرتنی کەشتیوانیی بازرگانی و بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی فشار یان باجوەرگرتنی ئابووری، بە کردەوەی چەتەگەریی دەریایی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دادەنرێت و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، گەلانی ناوچەکە و ئاسایشی وزەی جیهان.
وەزارەتەکە، جەختی لە پێویستیی راگرتنی ئەم هێرشانەی لە لایەن ئێرانەوە دووپات کردەوە، بە شێوازێک کە پابەندبوونی تەواوی تاران بە راگرتنی سەرجەم کارە دوژمنکارییەکان و دووبارە کردنەوەی تەواو و بێ مەرجی گەرووەکە مسۆگەر بکات، لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیریی ئابووری و بازرگانیی جیهان.
لای خۆیەوە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک)، لە راگەیەنراوێکد ائاشکرای کرد، دوو کەشتییان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا هێرشیان کراوەتەسەر.
بەڵام کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە.
ئەدنۆک جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەلامەتیی دەریاوانان و مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریایی کردەوە.