هێگسێت: لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا بەردەوام دەبین
وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند: واشنتن لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێراندا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پێویست بێت. هاوکات راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بە جووڵەیەکی نوێی کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکان دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا گوتی: هێزی دەریایی ئەمریکا، لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پێویست بێت.
ئەم لێدوانانەی هێگسێت ئاماژەن بۆ ئامادەیی سوپای ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی فشارە ئابووری و سەربازییەکان بەسەر تاراندا.
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، چاوەڕوان دەکرێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەیەکی نزیکدا شایەتی چەند جووڵەیەکی سەربازی بێت، بە شێوەیەک بڕیار دراوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'جۆرج واشنتن' رەوانەی ناوچەکە بکرێت بۆ ئەوەی جێگەی فڕۆکەهەڵگری 'ئەبراهام لینکۆڵن' بگرێتەوە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدایە بۆ جێگۆڕکێی خولیی هێزەکان و کەشتیگەلە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.