عێراق و بەریتانیا جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، لە کۆبوونەوەیەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.

پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی عێراق و بەریتانیا، هەروەها گرنگیی پتەوکردنی هاوکاری و بەهێزکردنی هاوبەشییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کران.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کراوەتەوە، لەگەڵ پشتبەستن بە دیالۆگ و پەیوەندی وەک رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.

لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە دژایەتیکردنی گەندەڵی، هەنگاوەکانی چاکسازیی دارایی، بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دووپات کردووەتەوە بەو ئاراستەیەی کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.