وەزیری بەرگریی سعوودیە: هەمیشە پاڵپشتی لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەین

وەزیری بەرگریی سعوودیە، پاڵپشتیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دووپات کردەوە، لە کاتێکدا شاندی ئەمنیی عێراق لە ریاز جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمییەکان.

پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی ریازی کرد و لە میانەی سەردانەکەدا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە ئەنجام دا و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندەکەی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە، پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارەکانی سەربازی و بەرگریدا تاوتوێ کرد.

هەروەها بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی ئاسایشی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، هەماهەنگیی ئەمنی و هەواڵگری، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات و سەقامگیریی ناوچەکە دابین بکات.

لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی سعوودیە دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی هەمیشە لەگەڵ عێراقدا دەوەستێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و گەشەکردنی وڵاتەکە.

لە لایەکی دیکەوە، شاندەکەی عێراق، جارێکی دیکە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ تێکنەدانی ئاسایشی دراوسێکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژی هەر وڵاتێکی دیکە دووپات کردەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەرییەکەی رەت دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا رێز لە سەروەریی دراوسێکانی دەگرێت.