زەیدی و مالیکی جەخت لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەختیان لەسەر گرنگیی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومی و بەهێزکردنی پرۆسەی چاکسازیی ئابووری کردەوە.

پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی و مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک دۆسیە و پرسی سیاسی و نیشتمانییان تاوتوێ کرد، لە پێشینەیاندا پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزاری بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی رەوتی کارنامەی حکوومەت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکوومەت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ سەپاندنی سەروەریی یاسا کرا، بە شێوازێک کە خزمەت بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات"

هەروەها، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی کرانەوەی عێراق بە رووی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کرایەوە، هاوشان لەگەڵ پتەوکردنی هاوبەشییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستای ناوچەکە کە رەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان بەسەر ئابووریی عێراقەوە هەیە.