رووسیا: 61 درۆنی ئۆکرانیمان خستووەتە خوارەوە

سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی رووسیا رێگرییان لە هێرشێکی بەرفراوانی درۆنی ئۆکرانیا کرد و بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە بەندەرێکی نەوتی و کۆگایەک گەیشتووە.

میدیاکانی رووسیا رۆژی هەینی بڵاویانکردەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە 10 درۆنیان تێکشکاندبوو کە روویان لە مۆسکۆ کردبوو، لەگەڵ 51 درۆنی دیکە کە ناوچەی لینینگرادیان لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیان بە دەوروبەری بەندەری نەوتی "ئۆست-لۆگا" لە لینینگراد گەیشتووە کە دەکەوێتە سەر دەریای بەڵتیک. هەروەها میدیاکانی رووسیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆگایەک لە ناوچەی "تڤێر" بەهۆی هێرشێکی دیکەی درۆنییەوە زیانی بەرکەوتووە.

هێزەکانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای رووسیا لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندبوو کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویانە لە ماوەی تەنیا 12 کاتژمێردا، 196 درۆنی ئۆکرانی لە ئاسمانی چەند ناوچەیەکی رووسیا و  دەریای رەش و دەریای ئازۆف تێکبشکێنن.