واشنتن سزای 'بێپێشینە' بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و گەمارۆیەکی توندی دەریایی رادەگەیەنێت
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێکاری ئابووری نوێ دژی تاران دەگیرێتەبەر کە لە مێژووی گۆشەگیری ئابووری وڵاتاندا وێنەی نەبووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "بۆ هەفتەی داهاتوو چاوەڕوانی هەواڵ و راگەیاندنی نوێ بن." ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن خەریکی ئامادەکردنی رێکارگەلێکە کە پێشتر هاوشێوەیان نەبووە بۆ پەراوێزخستنی ئابووری ئێران و توندکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر تاران.
وەزیری گەنجینە روونیکردەوە، ستراتیژیی نوێی ئەمریکا لەسەر دوو تەوەر کار دەکات؛ یەکەمیان توندکردنەوەی گۆشەگیری ئابووری و دووەمیان سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر جووڵەی کەشتیوانی ئێراندا. گوتیشی، ئەم گەمارۆیە راستەوخۆ سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دەسەڵاتدارانی ئێران دەکاتە ئامانج.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران چڕتر کردووەتەوە. هاوکات پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دەتوانن بۆ ماوەیەکی نادیار گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بپارێزن.
بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، رۆژی هەینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی رێژەیی بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بازاڕەکانی وزە نیگەرانی خۆیان لەبارەی کاریگەرییەکانی بەردەوامی گەمارۆکە لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی لە جیهاندا نیشاندا.
واشنتن لە چەند مانگی رابردوودا سزاکانی بۆ سەر تاران زیاد کردووە و بە تایبەتی ئەو تۆڕە داراییانەی کردووەتە ئامانج کە یارمەتی ئێران دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان. چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو وردەکاری سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.