قاهیرە.. بەهۆی تەقینەوەیەک لە مۆڵێکی بازرگانی 20 کەس بوونە قوربانی
وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی میسر گیانلەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی 17ی دیکەیان لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز لە ناو مۆڵێکی بازرگانی لە قاهیرەی نوێ راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بوتڵێکی غازی "هێلیۆم" لە ناو دوکانێکی دیاری لە نهۆمی زەوی مۆڵی "ئارابیلا پڵازا" لە ناوچەی تەجەموعی پێنجەم لە قاهیرەی نوێ تەقیوەتەوە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە تەقینەوەکەوە ئاگرێکی لێکەوتووەتەوە و هێزەکانی بەرگری شارستانی کۆنتڕۆڵیان کردووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە واژەی دووکانەکانی دەوروبەری گەیشتووە.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی میسر رایگەیاند، هەشت ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و 11 بریندار بۆ نەخۆشخانەی پسپۆڕی قاهیرەی نوێ و شەش برینداری دیکەش بۆ نەخۆشخانە نزیکەکان گواستراونەتەوە. وەزارەتەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری سێ کۆچکردووەکەی رووداوەکە کرد و جەختی لە ئامادەباشی نەخۆشخانەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوونەوە سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی ئەسانسۆر (مەسعەد) لە ناو مۆڵەکەدا و رایانگەیاند، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و تەنیا تەقینەوەی بوتڵە غازەکە هۆکاری رووداوەکە بووە.
بەگوێرەی میدیاکانی میسر، دوای رووداوەکە باری نائاسایی لە دەوروبەری مۆڵەکە راگەیەندراوە و هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆداوە بۆ ئاسانکاری کاری تیمەکانی فریاگوزاری. هەروەها چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە کە ئاسەواری وێرانکاری و تێکچوونی دوکانەکان و بڵاوبوونەوەی پارچە شووشە لە ناو مۆڵەکەدا پێشان دەدەن.