رێکخراوی بەدر: داماڵینی چەک لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە

رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری هۆشداری دەداتە حکوومەتی عێراق لە هەر هەوڵێك بۆ بەکارهێنانی هێز بە مەبەستی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان و رایدەگەیەنێت ئەم هەنگاوە شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە.

محەمەد ناجی، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی به‌در، لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكیس بڵاویکردووتەوە و تێیدا نووسیوویەتی، پەنابردن بۆ هێز دژی گرووپە چەکدارەکان ده‌بێته‌ هۆی شه‌ڕی ناوخۆیی و تەنیا لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە.

محەمەد ناجی، رەخنەی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرتووە و نووسیویەتی؛ عەلی زەیدی لەژێر فشاری واشنتن پەلەی کردووە و دەیەوێت لە بەرامبەر کشانەوەی هێزە بیانییەکان، چەکی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ کۆنترۆڵ بکات.

بەرپرسەکەی رێکخراوی بەدر سێ پێشنیازی وەك مەرج بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی گرووپەکان خستووەتەڕوو، ئەوانیش: کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا، نەهێشتنی مەترسییە ستراتیژییەکانی سەر عێراق، و بنیادنانەوەی تەواوەتی هێزە چەکدارەکان بەتایبەت لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدان، کە لایەنە سیاسییەکان 30ی ئەیلوولیان وەك دوا وادە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا دیاری کردووە، ئەمەش هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

هاوکات رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، حوسێن عەلی مووسەوی، گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'روسيا اليوم' ئاماژەی بەوە کرد، پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، تەنیا چەکەکانی بەرەی مقاوەمە دەکاتە ئامانج، ئەمەش بە فەرمان و داواکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بزووتنەوەکەیان بە هیچ شێوەیەک چەکەکانی خۆی رادەست ناکات.

هەروەها گوتیشی "پرسی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە راگەیەنرا، شانۆگەرییەکی دروست کراوە و هیچ راستییەکی تێدا نییە."