مەزڵووم عەبدی: تاوتوێی خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەمان لەگەڵ دیمەشق کرد
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لەگەڵ نێردراوی سەرۆکایەتیی سووریا و فەرماندەی فەیلەقی دووەم کۆبووەتەوە و تاوتوێی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە، رەوشی ئاوارەکان و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەیان کردووە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، پێشوازی لە زیاد ئەلعایەش، نێردراوی سەرۆکایەتیی سووریا و عەواد ئەلجاسم، فەرماندەی فەیلەقی دووەم کردووە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردانەکەدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای حەسەکە کراوە، لەوانەش؛ چارەسەرکردنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت و دۆسیەی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئاوارەبوو، لەپاڵ خێراکردن و تەواوکردنی پرۆسەکانی تێکەڵکردنەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتوونەتە کۆمەڵێک چارەسەر و کەشوهەوایەکی ئەرێنی و هەنگاوی جدییان بەدی کردووە بەرەو چارەسەرکردنی ئەو دۆسیانە، بە جۆرێک کە لە خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای حەسەکەدا بێت.