لە ساڵی 2022وە زیاتر لە 72 هەزار هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بێلگۆرۆد
پارێزگاری بە وەکالەتی شاری بێلگۆرۆدی رووسیا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە تا ئێستا 87,720 جار هێرشکراوەتە سەر شارەکەی، کە زیاتر لە 72 هەزاریان بە درۆن بووە، لە کاتێکدا دانیشتووانی شارەکە زیاتر لە 321 هەزار کەسە.
بەرپرسانی روسیا ئاشکرای دەکەن، ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشی چڕی ئۆکرانیا بوونەتەوە و تەنیا لە پارێزگای بێلگۆرۆد زیاتر لە 72 هەزار هێرشی درۆنی تۆمار کراون.
ئاژانسی هەواڵی "تاس"ـی روسی بڵاویکردەوە، ئەلیکساندەر شوڤایێڤ، جێگری پارێزگاری بێلگۆرۆد رایگەیاندووە، لە دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022وە، ناوچە سنوورییەکانیان رووبەڕووی فشارێکی زۆری سەربازی بوونەتەوە.
شوڤایێڤ ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا زیاتر لە 72 هەزار هێرشی درۆنی لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە بۆ سەر بێلگۆرۆد ئەنجامدراون. هەروەها گوتیشی: "ناوچەکە جگە لە درۆن، رووبەڕووی 14500 هێرشی تۆپخانە بووەتەوە."
بەگوێرەی گوتەکانی ئەو بەرپرسە رووسییە، لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 1220 هێرش لەرێگەی سیستمی مووشەکی فرەهاوێژ کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی بێلگۆرۆد، ئەمەش زیانی زۆری بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە.
شاری بێلگۆرۆد کە ناوەندی ئیداری پارێزگای بێلگۆرۆدە، مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی 1596 دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەدا وەک قەڵایەکی ستراتیژیی بۆ بەرگری لە سنوورەکانی باشووری رووسیا بنیادنراوە. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە نزیکەی 333,000 کەسە و بەهۆی نزیکی لە سنوورەکانی ئۆکرانیا، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ساڵی 2022، بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگە سەربازی و لۆجستییەکانی سوپای روسیا.