وەزارەتی نەوتی عێراق: چوار کەشتی نەوتی عێراق ئامادەن بۆ هەناردەکردن
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هێڵێکی نوێی بۆڕیی نەوت لە بەسڕەوە بۆ فیشخابوور و بەندەری جەیهان بە هاوکاریی کۆمپانیا جیهانییەکان جێبەجێ دەکرێت، ئەمهش به مەبەستی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی ئابی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: چوار کەشتی نەوتی خاوی عێراق هەناردە دەکەن و لە مانگی ئاب هەناردەی رۆژانەی نەوت گەیشتووەتە دوو ملیۆن بەرمیل.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕە، خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: هاوپەیمانییەتییەک لە نێوان کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمریکی و کۆمپانیای "یو سی سی"ی قەتەری هێڵێکی بۆڕیی نەوت لە بەسڕەوە بۆ فیشخابوور جێبەجێ دەکەن، هاوکات هێڵێکی دیکەش لە حەدیثەوە بۆ بانیاس دەڕوات.
وەزیری نەوت روونی کردەوە، ئستراتیژیەتی حکوومەت زیاترکردنی منافیزەکانی هەناردەکردنی نەوتە بۆ ئەوەی ڕێگەی جەیهان و بانیاس لەپاڵ گەرووی هورمزدا بەکاربهێنرێن و نەوت بگاتە تەواوی پاڵاوگەکان.
دەربارەی هەناردەی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت گوتی "دانووستانەکان بەردەوامن و لە سەرەتای ئەم مانگەوە ڕۆژانە بە تێکڕای دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، هەروەها تێکڕای هەناردەی مانگی حەوت گەیشتووەتە نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل". جەختیشی کردەوە کە زیاتر لە 85٪ی بودجەی گشتیی عێراق پشت بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە دا کە وێستگەیەکی ناوەندیی چارەسەرکردنی گاز لە کێڵگەی "فەیحاء" کراوەتەوە بە توانای130 ملیۆن پێ سێجا گازی ڕۆژانە، جگە لە بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەمان کێڵگەدا. ئاشکراشی کرد کە کۆمپانیای (UEG) لە سێ کێڵگەی گرنگدا وەبەرهێنان دەکات کە بریتیین لە فەیحاء، سێبە و ناوچەی پشکنینی فاو، کە نیشانە بەراییەکان بوونی نەوت و گازیان لە فاو سەلماندووە.
وەزیری نەوت باسی لەوەش کرد، بەپێی ڕێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێویستە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا هاوشانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بێت لەو ناوچانەی کێڵگە نەوتییەکانیان لێیە، تاوەکو هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت و کەرتی پیشەسازیی نەوت و گاز لە عێراق پەرەی پێبدرێت.