بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق دەستگیرکرا
خالد غەزای عەتییە بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن لەلایەن هێزێکی سەر بە دەستە دەستپاکییەوە دەستگیرکرا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ئەمڕۆ هەینی 14ـی ئابی 2026، بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەمنی سەر بە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق بریکاری وەزارەتی کارەبای حکوومەتی عێراقیان بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا دەستگیرکردووە، هەرچەندە هیچ روونیکردنەوەیەکی لە بارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی لەلایە دەستەی دەستپاکییەوە دەستگیرکراوە پەیوندەی بە گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە هەیە.
هەروەها سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆیی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەتی کارەبا پاڵپشت بە فەرمانی دادوەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی گەندەڵی و دەستەی دەستپاکی بووە و چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە ببرێتە بەردەم دادوەر لەسەر ئەو بەڵگانەی لەسەری کۆکراوەتەوە و ئەو گەندەڵیانەی دراوەتە پاڵی لێکۆڵینەوە و دادگایی بکرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەسەر خالد غەزای بڵاوبووەتەوە لە 28 ساڵەی خزمەتی وەزیفی حکوومی لە دۆسییەکەی زیاتر لە 50 سوپاسنامەی ئاراستە کراوە و هیچ سزایەکی ئیداریشی نەبووە.
بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان. لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی بەرپرس و کاربەدەستانی گەندەڵ لە دامەزراوە حکوومییەکان دەستیپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 210 بەرپرسی سیاسی و ئیداری دەستگیرکراون، کە لەنێویاندا بەرپرسانی باڵا، پلە تایبەت و پەرلەمانتار هەن و تۆمەتبارن، بە هەندەردانی سامانی گشتی، گرێبەستی وەهمی و پەیداکردنی سەروەت و سامان بە رێگەی نایاسایی.
ناو: خالد غەزای عەتییە موتڵەک مەعازیدی لە 28ـی تشرینی یەکەمی 1973 لە دایکبووە، هەڵگری بڕوانامە بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاریی میکانیک، دەرچووی ساڵانی 1995-1996ـی زانکۆی ئەنبارە، لە 23ـی حوزەیرانی 1998 لە کەرتی گشتی دامەزراوە.
ئەو پۆستانەی وەریگرتوون:
- بەرپرسی هۆبەی هێڵەکان - تۆڕی ناوچەی ناوەڕاست، 13ـی نیسانی 1999 تا 29ـی تەممووزی 2001.
- بەرپرسی بەشی هێڵەکان - بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی دووەمی ناوەڕاستی عێراق - تۆڕی ئەنبار، 29ـی تەممووزی 2001 تا 17ـی تەممووزی 2005.
- سەرۆکی بەشی هێڵەکان - فوراتی باڵا، 17ـی تەممووزی 2012 تا 22ـی ئاداری 2014.
- بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبا - فوراتی باڵا، 23ـی ئاداری 2014 تا 30ـی حوزەیرانی 2018.
- بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبا - ناوچەی باکوور، 1ـی تەممووزی 2018 تا 1ـی نیسانی 2019.
- بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبا - ناوچەی باکوور، 1ـی نیسانی 2019 تا ئێستا.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبا - ناوچەی باکوور، لە 1ـی تەممووزی 2019 تا ئێستا.