لە هەورامان فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت
لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و کلتوورییەکانی ناوچەی هەورامان دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی دۆزینەوەی بازاڕ و پشتگیریکردنی جوتیاران و خانمانی دەستڕەنگینە.
لە ناو دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا، فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان بە بەشدارییەکی بەرفراوان دەستیپێکرد. لە فێستیڤاڵەکەدا جۆرەها بەرهەمی ئەم وەرزەی هەورامان نمایش کراون کە هەنجیر لە سەرووی هەموویانەوەیە. بەشداربووان لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە هاتوون و جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییانە دەکەنەوە.
بەهار کەریم، یەکێک لە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکە کە لە شاری سنەوە هاتووە، دەڵێت: "جۆرەها میوەی وشککراوە و خۆشکراوم هێناوە کە هەمووی بەرهەمی دەستی خۆمن، ئەم فێستیڤاڵانە دەرفەتێکی زۆر باشن بۆ ئێمە تا کارەکانمان بناسێنین." هەروەها سەمیرە محەمەدی، کە بە جلی کوردی و کاری دەستی بەشدارە، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی و چەندین کەسی دیکە پێکەوە ئەو جلانە دەدوورن و فێستیڤاڵەکە هاندەرێکی باشە بۆ ساخکردنەوەی کارەکانیان.
بابا سەنعان، رێکخەری فێستیڤاڵەکە دەربارەی وردەکاریی چالاکییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئامانجی سەرەکیمان بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی رەنجی جوتیاران و خانمانی دەستڕەنگینە. لەم فێستیڤاڵەدا 150 بەشداربوو بەرهەمەکانیان نمایش کردووە و بڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت."
ئەم فێستیڤاڵە تەنیا خواردن و خواردنەوە لەخۆ ناگرێت، بەڵکو چەندین جۆر کەلوپەلی کلتووری و کاری دەستی تێدا نمایش کراوە. چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا، هەزاران گەشتیار سەردانی ئەحمەد ئاوا بکەن بۆ بینینی دیمەنەکان و کڕینی بەرهەمە خۆماڵییەکان.
ئەوەی خوارەوە چەند وێنەیەکی نێو فێستیڤاڵەکەیە



