چیرۆکی مام یوسف؛ لە تەقینەوەکانی 2007ـەوە بۆ ئاوارەیی بەهۆی داعشەوە

کوردستان24 چیرۆکی مام یوسف دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵی 2007 هەشت ئەندامی خێزانەکەی لە تەقینەوەکانی قاعیدە شەهید بوون و لە ساڵی 2014ـیشەوە بەهۆی داعشەوە ئاوارەی کەمپەکانە.

19 ساڵ بەسەر یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکان بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدی تێپەڕ دەبێت. لە ساڵی 2007 رێکخراوی قاعیدە بە 4 بارهەڵگری بۆمبرێژکراو بە "تی ئێن تی" هێرشی کردە سەر ناوچەکانی گرعزێر و سیبا شێخدرێ، کە تێیدا 321 کەس شەهید بوون. مام یوسف جازۆ، یەکێکە لەو کەسانەی کە لەو کارەساتەدا هەشت ئەندامی بنەماڵەکەی، کە زۆربەیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا.

مام یوسف کە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 68 ساڵ، لە کەمپی "ئێسیان" لە سنووری شێخان ژیان بەسەر دەبات. ئەو دەڵێت، هێشتا برینی کارەساتەکەی یەکەم ساڕێژ نەببوو، کاتێک لە ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و جارێکی دیکە رووبەڕووی فەرمانێکی نوێ بووەوە. ئەو دەڵێت: "لەو رۆژەوە ماڵ و خاکمان جێهێشتووە و زیاتر لە 12 ساڵە ئاوارە و دەربەدەری کەمپەکانین."

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، مام یوسف بە خەمبارییەوە باسی ئەو ساتانە دەکات کە ژیانی لێ تاڵ بووە و دەڵێت: "ئەو کاتەی تەقینەوەکە روویدا، هەموو شتێک لە چەند چرکەیەکدا گۆڕا. خودا هەقی ئێمە لەو کەسانە بکاتەوە کە بوونە هۆکاری ئەم هەموو ئازارە."

مێژووی ئێزدییەکان پڕە لە ئازار، بە جۆرێک 74 فەرمان و هەوڵی قڕکردنیان لە دژی دراوە. لە هەر فەرمانێکدا شەهیدکردن، گرتن، ماڵوێرانی و دەربەدەرکردن هەبووە، بەڵام وەک مام یوسف ئاماژەی بۆ دەکات، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ لەناوبردنی ناسنامەکەیان، ئێزدی و ئێزدیخان هەر دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە ژیان.