وردەکاریی نوێی بوومەلەرزەکەی چەمچەماڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ، وردەکاریی زانستی و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سنووری چەمچەماڵیان ئاشکرا کرد؛ کە بەهۆیەوە زیانی مادیی بچووک بەر هەندێک خانوو کەوتووە و 10 کەس تووشی شۆک بوون و ژنێکیش بە هۆی تەقەکردنەوە بریندار بووە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 14ـی ئابی 2026، لە کاتژمێر (1:27)ی شەو بە کاتی هەولێر، بوومەلەرزەیەک بە گووڕی (3.6) پلە بە پێوەری رێختەر، لە قووڵایی (11 کم) لە ژێر زەویدا و لە دووری (3 تا 5 کم) لە شاری چەمچەماڵ ڕوویدا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە، دوای شیکردنەوەی وردی زانیارییەکانی تۆڕی وێستگەکانی بوومەلەرزەزانی کوردستان، دەرکەوتووە ئەم بوومەلەرزەیە لە قووڵاییەکی کەمدا ڕوویداوە (Shallow earthquake) و ماوەی لەرینەوەکەی (2.5 تا 3) چرکە بووە.
بوومەلەرزەزانیی هەرێم جەختی کردەوە، ئەم جۆرە بوومەلەرزانەی سەرچاوەکەیان لە قووڵایی کەمدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر گووڕەکەشیان مامناوەند بێت، دەبنە هۆی لەرینەوەی بەهێزی بیناکان، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئەو زیانە مادییە بچووکانەیە کە بەر هەندێک خانوو و بینای ناوچەکە کەوتوون.
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی زانیاری جیاواز لەسەر بەهێزیی بوومەلەرزەکە لە لایەن هەندێک کەناڵ و سایتی بیانییەوە، بوومەلەرزەزانیی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە وێستگەکانی تۆڕی کوردستان بەهۆی نزیکییان لە شوێنی ڕووداوەکەوە، وردترین و جێباوەڕترین سەرچاوەن بۆ دیاریکردنی گووڕ، قووڵایی و شوێنی بوومەلەرزەکان.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ ئاشکرای کرد، رووداوە سروشتییەکە راستەوخۆ هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە لە ساتی رووداوەکەدا هەندێک لە هاووڵاتییان بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە و بەئاگاهێنانی خەڵک دەستیان بە تەقەکردن کردووە؛ لە ئەنجامدا ژنێکی تەمەن 61٦١ ساڵ بە فیشەکی وێڵ بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە، کە ئێستا بارودۆخی تەندروستیی جێگیرە.
کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، 10 هاووڵاتی دیکە بەهۆی تووشبوون بە شۆکی دەروونی سەردانی نەخۆشخانەی چەمچەماڵیان کردووە و سەرجەمیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کرد بە تەواوی پابەندی رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بن لە کاتی روودانی بوومەلەرزەدا و بەهیچ جۆرێک تەقە نەکەن، دڵنیاشی دان کە سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە ئامادەباشیدان.