تورکیا سیپان حەمۆی لە لیستی "تیرۆر" دەرهێنا
دوای دەستبەکاربوونی وەک جێگری وەزیری بەرگریی سووریا، ناوی سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لیستی داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەرهێنرا.
سیپان حەمۆ، کە پێشتر یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی هەسەدە، لە 10ی ئاداری 2026 وەک جێگری وەزیری بەرگریی سووریا دەستبەکاربوو. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە لە 29ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵ، حکوومەتی دیمەشق و هەسەدە گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکان لە ناو سوپای سووریادا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ناوی سیپان حەمۆی لە "لیستی سوور"ی تیرۆر دەرهێناوە. ناوبراو پێشتر بە ناوی "سەمیر ئاسۆ" لە بنکەی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا وەک داواکراو تۆمارکرابوو، بەڵام ئێستا ناوەکەی لەو لیستەدا نەماوە.
تورکیا پێشتر بڕی 20 ملیۆن لیرەی وەک پاداشت دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک کە زانیاری بدات یان هاوکار بێت لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە "لیستی سوور"دا ناویان هاتووە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە، کە گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان لە ناوخۆی سووریا روودەدات و سیپان حەمۆ وەک نوێنەری هەسەدە، پۆستێکی باڵای لە ناو وەزارەتی بەرگری سووریادا وەرگرتووە.