شانەی ئەمنیی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر روونکردنەوە دەدات
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بۆ کوردستان24: هیچ ئاماژەیەک نییە هێرشە درۆنییەکەی هەولێر لە نێو خاکی عێراق کرابێت و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی ئابی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی هێرشی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ و شەفاف لە هێرشەکە دەستیپێکردووە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک تۆمار نەکراوە کە هێرشەکان لە نێو خاکی عێراق و پارێزگاکانی دراوسێی هەرێمی کوردستان، وەک نەینەوا یان پارێزگاکانی دیکە، کرابن. سەعد مەعن روونیکردەوە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بەردەوامە و ئێستا لە قۆناخی کۆکردنەوەی زانیاریداین، بەڵام دەرەنجامە سەرەتاییەکان ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست ناکەنەوە کە هێرشەکە لە عێراقەوە بووبێت.
لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت: پرۆسەی هەماهەنگی بەردەوامە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی بەشێکە لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و لەو چوارچێوەیە هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە.
فەریق سەعد مەعن، جەخت لەوەش دەکاتەوە: هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراقی فیدراڵ، بۆیە حکوومەتی فیدراڵ بە روونی جەختی لەوە کردووەتەوە هیچ هێرشێک بۆ سەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکرێت.