گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای پڕۆسەی چارەسەری دەکرێت

یاساناسان و پارێزەران لە شاری دیاربەکر جەخت دەکەنەوە، ئەو چوارچێوە یاساییەی بۆ پڕۆسەی گەڕانەوە و داماڵینی چەک لە تورکیا دیاری کراوە یاسایەکی رووت و تەکنیکییە، کەموکوڕیی قووڵی تێدایە و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکان چارەسەر ناکات.

جیهان ئۆلسەن، یاساناس لە دیاربەکر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "تێکەڵکردنەوەی چەکداران بە کۆمەڵگە تەنها بە پێدانی کارتێکی ناسنامە یان دۆزینەوەی کار کۆتایی ناهێت، بەڵکو پێویستی بە پلانێکی بەرفراوان و هەمەلایەنەی دەوڵەت هەیە. دەبێت کۆمەڵگە ئامادە بکرێت و بە چاوی دوژمن تەماشای ئەو کەسانە نەکرێتەوە، هاوكات پێویستە دەوڵەت رەچاوی هەموو هەستیارییەکان بکات."

لە لایەکی دیکەوە، ئاردا ئئەفە، پارێزەر روونی کردەوە، یاسای ڕادەستکردنی چەک زیاتر جەخت لەسەر لایەنی تەکنیکی و چۆنیەتیی هێنانی چەکەکان دەکاتەوە، بەڵام بۆشایی گەورەی لە چارەسەرکردنی کێشە لاوەکییەکاندا هێشتووەتەوە؛ لەوانەش پرسی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە تورکیا، ڕاگرتنی سزاکان و بەیاساییکردنی ڕەوشی گەڕاوەکان. ئاماژەی بەوەش دا بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەییی کێشەی کورد پێویستە یاسایەکی نوێ و گشتگیرتر پەسەند بپڕێژرێت.

یاساناسانی سنوورەکە ئاماژە بەبوونی بۆشایی و کەموکوڕی لە یاسای پڕۆسەکەدا دەکەن، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی پێكهێنانی کۆمیسیۆنێکی تایبەت و بەرفراوان لە پەرلەمانی تورکیا، دەکرێت ئەو کۆمسیۆنە دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت و راستکردنەوە لە یاساکەدا بکات، تاوەکو ئاستەنگە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پڕۆسەکە لاببرێن.