بۆچی ترەمپ هێشتا ئامادە نییە پشتگیری لە ناتانیاهۆ بکات؟

لە کاتێکدا تەنیا 75 رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ماوە، بنیامین ناتانیاهۆ لە راپرسییەکاندا رووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە بووەتەوە و دۆناڵد ترەمپیش لە پێشکەشکردنی ئەو پشتگیرییە سیاسییەی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چاوەڕوانی دەکات، دوودڵە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی جیاوازیی قووڵ لە نێوان هەردوولادا سەبارەت بە دۆسیەکانی غەززە، ئێران و لوبنان.

هەینی 14ـی ئابی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە کۆبوونەوەی دوو هەفتەی رابردووی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، کاتێک ترەمپ پرسیاری دۆخی ناتانیاهۆی لە راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردنی 27ـی تشرینی یەکەم کرد، ناتانیاهۆ بێدەنگ بوو، بەڵام یەکێک لە راوێژکارەکانی بە خێرایی وەڵامی دایەوە و گوتی: "جەنابی سەرۆک، ئەو لە پێشەوەیە."

بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس، راستییەکە پێچەوانەیە؛ ناتانیاهۆ لە راپرسییەکاندا لە دواوەیە. هاوپەیمانێتییەکەی ئێستای تەنیا 49 بۆ 53 کورسی لە راپرسییەکاندا بەدەستدەهێنێت، ئەمەش زۆر کەمترە لەو 68 کورسییەی ئێستا هەیانە و ناگاتە ئەو 61 کورسییەی کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێویستە. لە بەرامبەردا، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن نزیکەی 67 بۆ 70 کورسییان هەیە و گادی ئایزنهۆت، رکابەری سەرەکیی ناتانیاهۆ، لە راپرسییەکاندا پێشەنگە.

پلانی ناتانیاهۆ بۆ مانەوە لە دەسەڵات

لە راپۆرتەکەدا هاتووە بۆ رێگریکردن لە شکستی تەواوەتی، ئامانجی سەرەکیی ناتانیاهۆ ئێستا بردنەوەی رەها نییە، بەڵکو دەیەوێت کورسیی پێویست بەدەستبهێنێت تا رێگری لە نەیارەکانی بکات حکوومەتێک بەبێ پشتیوانی پارتە عەرەبییەکان پێکبهێنن. ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت، ناتانیاهۆ بۆ چەند مانگێکی دیکە وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنێکی دیکە ساز دەکرێت.

جیاوازیی تێڕوانینەکان لەسەر دۆسیەی غەززە و ئێران

سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای شەڕەکەدا راوێژکارانی ترەمپ پێشبینی پشتگیریکردنی ناتانیاهۆیان دەکرد، بەڵام درێژەکێشانی شەڕ بووە هۆی دوورکەوتنەوەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی هەردوولا. لە سێ مانگی رابردوودا، لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ غەززە، ئێران و لوبنان، جیاوازیی بەرچاو لە نێوانیاندا دەرکەوتووە.

سەرچاوەکان بۆ ئەو پێگەیە دەڵێن ترەمپ لەسەر ئاستی کەسی رێز لە ناتانیاهۆ دەگرێت، بەڵام لە بڕیارە سیاسییەکانی بێزار بووە و گوتوویەتی: "ناتانیاهۆ گەورەترین دوژمنی خۆیەتی."

کێشەی سەرەکی کاتێک سەریهەڵدا کە ناتانیاهۆ بە ئاشکرا پلانی ترەمپی بۆ ئاشتی لە غەززە (کە بە پلانی بۆردی ئاشتی ناسراوە) رەتکردەوە. بەڵام دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جارید کوشنەر، زاوا و نوێنەری ترەمپ، بەڵێنی داوە کە دەرفەتێک بەو پلانە بدات و هێرشەکانی سەر غەززە کەم بکاتەوە. بەپێی سەرچاوەکان، لەو کاتەوە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی کەم کردووەتەوە و پاشەکشەی بۆ هێڵە دیاریکراوەکان کردووە.

هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەڵوێستی ترەمپ

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە لایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل، لەوانە یایر لاپید، نەفتالی بێنێت و گادی ئایزنهۆت، لە رێگەی نێوەندگیر و بەخشەرە داراییە هاوبەشەکانیانەوە، پەیامیان بۆ ترەمپ ناردووە و داوایان لێکردووە لەم هەڵبژاردنەدا بێلایەن بمێنێتەوە. لایەنگرانی ترەمپیش پێیان وایە لاوازیی ناتانیاهۆ لە راپرسییەکاندا، هۆکاری سەرەکییە کە ترەمپ خۆی لە دەستێوەردان بەدوور دەگرێت.

هاوکات، پێگەی ترەمپیش لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بەهۆی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران و سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، تا رادەیەک پاشەکشەی کردووە. ترەمپ لە چەند چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەدا کاتێک پرسیاری پشتگیریکردنی ناتانیاهۆی لێکراوە، خۆی لە وەڵامدانەوەی راستەوخۆ بەدوور گرتووە و کاتێک باسی ناتانیاهۆی کردووە، بە کاراکتەری رابردوو ناوی بردووە.

گرنگیی هەڵوێستی ئەمریکا بۆ داهاتووی ناوچەکە

ئەم هەڵبژاردنە بۆ نەخشەڕێگەی داهاتووی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکلاکەرەوەیە. ترەمپ دەیەوێت لە دوو ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیدا پلانی ئاشتیی غەززە جێبەجێ بکات، پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و لوبنان و سووریا رێکبخاتەوە، و لە سەرووی هەمووشیانەوە، رێککەوتنی مێژوویی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و سعوودیەدا واژۆ بکات.

کۆشکی سپی نایەوێت قەیرانە سیاسییەکانی ناوخۆی ئیسرائیل ببێتە رێگر لەبەردەم پڕۆژە دیپلۆماسییەکانی لە ناوچەکەدا، وەک ئەوەی لە ساڵی 2019دا روویدا کە تێیدا سێ هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک لە ئیسرائیل پرۆسەی دیپلۆماسیی ئەمریکای پەکخست.