لاڤرۆڤ: راوەستان جەنگ بەو ئەنجامە، سووکایەتییە بە مێژوومان
مۆسکۆ واشنتن بە بەشداریکردنی راستەوخۆ لە هێرشەکانی ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات و هۆشداریی توند دەدات
وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند ئەمریکا ڕاستەوخۆ بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری لە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی ڕووسیا بەشدارە. هاوکات رەتیکردەوە مۆسکۆ ئامادە بێت جەنگەکە لەسەر هێڵی ئێستای بەرەکانی جەنگ سڕ بکات و هۆشداریی توندی دا کە رێکارە سەربازییەکانیان دژ بە ئۆکرانیا و هاوکارییە رۆژئاواییەکان توندتر دەکەن.
هەینی 14ـی ئابی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا سەرنجی خستە سەر پێشوەچوونەکانی شەڕی ئۆکرانیا و رایگەیاند، مۆسکۆ بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە شەڕەکە لە دۆخی ئێستایدا رابگرێت.
گوتیش: "راوەستان لەسەر هێڵی ئێستای بەریەککەوتن، بە واتای سڕینەوەی دەستکەوت و قارەمانێتیی باوک و باپیرانمانە کە پێشتر نازیزمیان تێکشکاند." لاڤرۆڤ جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەرپرسیارە لە پاراستنی مێژووی هەزار ساڵەی دەوڵەتی ڕووسیا، و پرۆسە سەربازییەکان تەنیا کاتێک رادەوەستن کە چارەسەرێکی درێژخایەن، باوەڕپێکراو و سەقامگیر بۆ ئاسایشی رووسیا بێتە ئاراوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند، وڵاتەکەی پێیوایە ئەمریکا بەشدارە لە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی رووسیا و زانیاریی هەواڵگرییان پێدەدات؛ هاوکات هۆشداریشی دا کە مۆسکۆ لێدانەکانی دژ بە هاوکارییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ توندتر دەکات.
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە و داوای روونکردنەوەی لێکردوون سەبارەت بە بەشداریکردنی واشنتن لە رێکخستن و ئەنجامدانی هێرشەکان لە ناوخۆی رووسیادا، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر ئامانجە مەدەنییەکان، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتووەتەوە.
لاڤرۆڤ سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی پێشووی ئاشتی و ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی رابردوو لە کۆبوونەوەی لووتکەدا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، مۆسکۆ ئامادەیە پێشنیازەکانی ئاشتیی ئەمریکا قبووڵ بکات. لە بەرامبەردا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک لەو لووتکەیەدا کرابێت و ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر رێککەوتن هەبووایە تا ئێستا شەڕ کۆتایی دەهات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئۆکرانیای بە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دژ بە کەشتییە مەدەنییەکان و ژێرخانی نەوتیی رووسیا (لەوانە هێڵەکانی گواستنەوەی دەریای قەزوین) تۆمەتبار کرد. هۆشداریی دا، مۆسکۆ رێکارەکانی خۆی زۆر توندتر دەکات بۆ تێکشکاندنی هەر هێز و ئامێرێک کە لە لایەن رۆژئاواوە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دابین دەکرێت.
لاڤرۆڤ بە ئاماژەدان بە ورەی بەرزی سەربازانی رووسیا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، گوتەی ئەوانی دووبارە کردەوە: "دوژمن تێکدەشکێت، سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و دۆسیەکەمان رەوایە."
هەروەها بە توندی هێرشی کردە سەر یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی فرۆشتنی وزەی رووسیا لە بازاڕە جیهانییەکاندا و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوروپا بە یاسای دەرەکرد و نایاسایی هەوڵ دەدات هەر کەشتییەک کە پابەندی بڕیارەکانیان نەبێت، بە کەشتیگەلی سێبەر ناو ببات. لاڤرۆڤ ئەمەی بە رێڕەوێکی مەترسیدار ناوبرد و گوتی: "ئەوان بڕیارەکانی خۆیان لە سەرووی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دادەنێن، تەنانەت دەیانەوێت دەست بەسەر باری کەشتییەکاندا بگرن، بیفرۆشن و پارەکەی بدەن بە ئۆکرانیا."