ئیتاڵیا.. بەهۆی تەقینەوەی گڕکان گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی کاتانیا راگیران
کۆمپانیای بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کاتانیا (SAC) لە دوورگەی سسلیی ئیتالیا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی دووبارەی گڕکانی شاخی ئێتڵا و بەرزبوونەوەی شادەماری دووکەڵ و خۆڵەمێش، ناچار بوون سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە بە تەواوی هەڵپەسێرن.
هەینی 14ی ئابی 2026، کۆمپانیای بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی کاتانیا (SAC) رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی دووبارەی گڕکانی شاخی ئێتڵا و بەرزبوونەوەی دووکەڵ و خۆڵەمێش، ناچار بوون تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی شاری کاتانیا لە دوورگەی سسلی هەڵپەسێرن.
ئاماژەشی دا، بەهۆی مەترسییەکانی خۆڵەمێشی گڕکانەکە، تا نیوەشەوی رۆژی شەممە رێگە بە هیچ گەشتێکی هاتوو و رۆیشتوو نادرێت. فڕۆکەخانەکە داوای لە سەرنشینان کردووە پێش ئەوەی روو لە فڕۆکەخانە بکەن، لە رێگەی هێڵە ئاسمانییەکانەوە دڵنیا ببنەوە لە دۆخی گەشتەکانیان.
شارەزایانی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ جیۆفیزیا و گڕکانناسی ئاماژە بەوە دەکەن، خۆڵەمێشی گڕکان مەترسییەکی گەورە لەسەر بزوێنەری فڕۆکە دروست دەکات، چونکە چوونەژوورەوەی خۆڵەمێش دەکرێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی بزوێنەرەکە.
ئەم تەقینەوەیەی گڕکانی ئێتڵا کە بە گەورەترین گڕکانی چالاکی ئەوروپا دادەنرێت، بەهۆی بەردەوامی و درێژەکێشانی دەردانی خۆڵەمێشەکەوە بە دۆخێکی نائاسایی وەسف کراوە، بەجۆرێک کە با باکوورییەکان بڕێک لە خۆڵەمێشەکەیان بەرەو وڵاتی ماڵتا و باکووری ئەفریقا بردووە.