سێنتکۆم: ئاراستەی 62 کەشتییمان گۆڕیوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەپاندنی گەمارۆیە دەریاییەکان بەسەر ئێراندا، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەریای عەرەب چڕ کردووەتەوە و تا ئێستا لە رێگەی گۆڕینی ئاراستە، پشکنین و پەکخستنەوە، دەستوەردانیان لە دۆخی دەیان کەشتیی بازرگانیدا کردووە.

هەینی 14ـی ئابی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، کەشتیگەلە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکی چاودێری و ڕێگری لە کەشتیوانیی پەیوەست بە ئێران.

لەم چوارچێوەیەدا کەشتیی جەنگیی مووشەکهەڵگری (USS Princeton) بە هەماهەنگی لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکانی جۆری (MH-60R Sea Hawk)، بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی شەوانە بەسەر ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن.

سێنتکۆم لە نوێترین ئاماریدا سەبارەت بە رێکارە سەربازی و پشکنینەکان ئاشکرای کردووە، تا رێکەوتی 14ـی ئاب، هێزەکانیان ئاراستەی 62 کەشتییان گۆڕیوە، دەیان کەشتیی بازرگانییان ناچارکردووە لە پێناو پابەندبوون بە گەمارۆکاندا رێڕەوی گەشتەکەیان بگۆڕن.

ئاماژەشی داوە، 3 کەشتییان پەکخستنی کە سەرپێچیی رێنمایی و گەمارۆکانیان کردووە و پشکنینی مەیدانیشیان بۆ 2 کەشتی کردووە.