بەرپرسێکی ئەمریکی: دۆخی دەروونی و خزمەتگوزاری سەربازەکانمان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە

هەینی 14ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە داڕمانی باری دەروونی و کەمیی خزمەتگوزاری لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" دەکەن، و رایگەیاند، سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان و تیمە دەروونی و پزیشکییەکان بە بەردەوامی لە خزمەتی سەربازاندان.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە لێدوانەکەیدا بۆ (کوردستان24)، بە وردی سەرنج خستە سەر دوو تەوەری سەرەکی کە بریتین لە باری دەروونیی سەربازان و دۆخی دابینکردنی پێداویستییەکان

یەکەم؛ روونکردنەوە سەبارەت بە تەندروستیی دەروونی

ئەو بەرپرسە گوتی: ئێمە هیچ جۆرە بەرزبوونەوەیەکمان لە بیرکردنەوە لە خۆکوژی یان هەوڵدان بۆ خۆکوژی لەسەر کەشتییەکە بەدی نەکردووە. ئێمە سەلامەتی و تەندروستیی هەموو ئەندامێکی هێزەکانمان بە تەواوی بە جددی وەردەگرین و پسپۆڕانی ئایینی، پزیشکی و تەندروستیی دەروونیمان ئامادە کردووە تا لە کاتی سەرهەڵدانی هەر نیگەرانییەکدا هەڵسەنگاندن و چارەسەری بۆ بکەن.

ئاماژەشی دا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln - CVN 72) ئەم تیمە تایبەتمەندەی لەسەرە، پێنج راوێژکاری ئایینیی هێزی دەریایی (چاپلین)، یەک دەروونناسی کلینیکی، یەک توێژەری کۆمەڵایەتیی کلینیکی، سێ تەکنیککاری تەندروستیی رەفتاری، یەک راوێژکاری تێکەڵکراوی هەماهەنگیی خۆپارێزی (EIPC)؛ هەروەها کەشتییەکە خاوەنی سەگێکی راهێنراوی خزمەتگوزارییە بە ناوی (CAPT Fathom) بۆ پشتیوانیکردنی ورە و باری سۆزداریی ستافەکە.

بەگوێرەی گوتەی ئەو پرسە ئەمریکییە، ئەم خزمەتگوزاری و سەرچاوانە بە شێوەی 24 کاتژمێر لە رۆژێکدا و 7 رۆژ لە هەفتەیەکدا بۆ سەرجەم دەریاوانان و هێزەکانی مارینز لە تەواوی گرووپی هێرشبەردا بەردەستن.

باسیشی لەوە کرد، سەربازان بە درێژایی خولی ئەرکەکانیان بە قۆناخی ئاسایی گۆڕانکاریدا تێدەپەڕن؛ خۆگونجاندن لەگەڵ ژیان لەسەر دەریا دەکرێت کارێکی سەخت بێت، بۆیە ئێمە فێر بووین چۆن سەرچاوە و پێداویستییەکان دابین بکەین و یارمەتیی دەریاوانان بدەین لەم قۆناخی گواستنەوە و گونجانەدا. ئێمە رووبەڕووی هیچ بەرزبوونەوەیەکی کێشە دەروونییەکان لەسەر کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن نەبووینەتەوە.

دووەم؛ روونکردنەوە سەبارەت بە کەمیی پێداویستییەکان:

هەروەها گوتیشی: کەشتیی لینکۆڵن لە ژینگەیەکی پڕ لە کێبڕکێ و گرژیدا کار دەکات، کە تێیدا ناوەندە نەریتییەکانی دابینکردنی پێداویستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی کردە سەربازییەکانەوە تووشی پەککەوتن بوون؛ لە وەڵامی ئەمەشدا، سەرکردایەتیی کەشتییەکە لەسەر بنەمای گرنگیی ئەرکەکان پێشینەی بە دابینکردنی کەرەستەکان داوە وەک: خۆراک، کەرەستەکانی پاکوخاوێنی و لە دوای ئەوانیش گەیاندنی نامە و پۆستە.

ئاماژەشی بەوەش کرد، راپۆرتەکانی ئێستای ناو کەشتییەکە پشتڕاستی دەکەنەوە کە دەستڕاگەیشتنی بەردەوام بە ئاوی خاوێن، سیستەمی فێنککەرەوەی کارا و بژاردەی هەمەجۆری ژەمی خۆراکی تەندروست بۆ هەمووان دەستەبەرە.