سەعد مەعن: لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر هەولێر بەردەوامە

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیەنێت، ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە ئاسایشی عێراق و هێزە فیدراڵییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکانی سەر هەولێر.

هەینی، 14ـی ئابی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی گشتیی عێراق و هەر هێرشێک بێتە سەر هەر ناوچەیەکی وڵاتەکە، بە توندی سەرکۆنە دەکرێت و رەت دەکرێتەوە.

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، دەڵێت: دامودەزگا ئەمنییەکان لە رێگەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانیانەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین؛ بەڵام تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر هەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای نەینەواوە ئەنجام درابێتن. 

گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی هەواڵگری دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لە کوێیەوە هێرشەکە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، سەعد مەعن، جەختی کردەوە، کە 30ـی ئەیلوولی داهاتوو دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و دوای ئەو رێکەوتە، هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا رێگەی پێ نادرێت.

هاوکات روونی کردەوە، حکوومەت رژدە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک؛ چونکە داهاتووی عێراق و ئاسایشی ناوچەکەی پێوە بەستراوەتەوە، گفتوگۆکانیش لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا بەردەوامن و پێشوازییەکی باش لەم هەنگاوە کراوە.

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد، بە پێی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کار بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تەواوی ناوچەکانی عێراق دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین گرێبەست واژۆ کراون. 

سەعد مەعن، تیشکی خستە سەر هەبوونی هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و رایگەیاند: کە نوێنەرانی هەرێم لە تەواوی بڕیارە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکاندا هاوبەشن.