گەرمیان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت: پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 88 هەزار هاوبەش لە قۆناخی کۆتاییدایە، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشە درۆنییەکان و راگرتنی غاز پڕۆژەکەیان بۆ ماوەیەک دواخستبوو.
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێتە خاوەنی کارەبای24 کاتژمێری، هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا پڕۆژەی رووناکی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و هێرشە درۆنییەکانەوە، کارەکانی پڕۆژە گرنگەکە دواخران.
ئێستا و لەگەڵ سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی، تیمەکانی پڕۆژەی "رووناکی" دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، بە پێی زانیارییەکان، تیمە تەکنیکییەکان لە قەزای کەلار و ناحیەی رزگاری سەرقاڵی جێبەجێکردنی قۆناخەکانی کۆتایی پڕۆژەکەن، لە قەزای کفرییش پرۆسەی تۆمارکردنی زانیارییەکانی هاوبەشانی کارەبا بەردەوامە. چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، کارەبای 24 کاتژمێری بگاتە تەواوی سنوورەکە.
لای خۆیەوە ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە قەزا، ناحیە و گوندەکانیەوە، زیاتر لە 88 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە. بڕیاربوو پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی حوزەیراندا جێبەجێ بکرێت، بەڵام تێکچوونی دۆخی ئەمنی و راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز بوونە هۆی دواکەوتنی پڕۆژەکە."
گوتەبێژی کارەبای گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کارە تەکنیکییەکان لە کەلار و رزگاری تەواو بوون و تەنیا لە قەزای کفری ماوە، کە لەوێش رێکارە ئیدارییەکان و پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاریی هاوبەشان لە قۆناخی کۆتاییدان و لە ماوەیەکی کورتدا کارەکان بە تەواوی کۆتاییان دێت.