زەیدی: رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کاری لە پێشینەمانە
سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاند: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان کارێکی لە پێشینەیە. هاوکات فەرمانیش دەکات سەرجەم دەروازەکان بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو ببەسترێنەوە بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری و گەندەڵی.
هەینی، 14ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە سەردانێکیدا بۆ بارەگای دەستەی دەروازە سنوورییەکان گوتی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دەروازەکان لە کارە لە پێشینەکان و سەرەکییەکانی حکوومەتە، بەوپێیەی دەروازە سنوورییەکان نوێنەرایەتی پێگەی دەوڵەت و دەروازە ئابووری، ئەمنی و سەروەرییەکەی دەکەن.
لە راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، زەیدی پێشوازی لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان کرد و ستایشی هەوڵەکانیانی کرد بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات.
سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی کارەکان بۆ بەئەلکترۆنیکردنی تەواوی دەروازەکان کردەوە بە مەبەستی رێگریکردن لە ساختەکاری و گەندەڵی، هەروەها بڕیاریدا کە دەروازەکان ببنە سەرچاوەی دابینکردنی دارایی خۆیان و داهاتە گومرگی و باجییەکان پێش ئەنجامدانی گۆڕینەوە دراوییەکان وەربگیرێن.
هاوکات زەیدی، رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ توندکردنەوەی چاودێرییەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان، کە وەک تاوانێکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە هەژمار دەکرێن و پێویستی بە هەماهەنگیی هەمەلایەنە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریدا هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی داهاتە گومرگییەکانی ئەمساڵ کرد بەهۆی بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنیی کۆنترۆڵکردنی بارهەڵگرەکان و ڕایگەیاند کە داهاتی مانگی تەممووزی رابردوو بڕی 500 ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە، کە ئەمەش ئاستێکی بێپێشینەیە لە مێژووی دەستەکەدا.