پزیشکیان: هەرگیز لە بەرامبەر رابەری باڵا ناوەستم
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، نەخشەی دوژمنان بۆ لاوازکردنی وڵاتەکەی تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو کار لەسەر لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی وڵات لە ناوخۆوە دەکەن. هاوکات جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی و پابەندبوونی خۆی بە هێڵە گشتییەکانی رابەری باڵای ئێران کردەوە
هەینی 14ی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە میانەی گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و چالاکوانانی پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی، سەرنجی خستە سەر ئاستەنگە ئابوورییەکان و دۆخی بژێویی هاووڵاتییان. ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی گەمارۆکان، ئاڵۆزیی رێڕەوەکانی بازرگانی و سنوورداربوونی فرۆشتنی نەوت، داهاتەکانی دەوڵەت کەم بوونەتەوە و تێچووی بەرهەمەکان بەرز بووەتەوە.
پزیشکیان گوتی: "ئەمڕۆ نەخشەی سەرەکیی دوژمن بۆ داڕمانی ئەم وڵاتە، تەنیا شەڕی سەربازی نییە، بەڵکو هەموو هەوڵ و شیکارییەکانیان بۆ ئەوەیە لە ناوخۆوە ئێران لەپێ بخەن."
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوە کرد، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ناکۆکییە ناوخۆییەکانە، بەڵام پێویستە بەرژەوەندیی گشتی لە پێش هەموو شتێکەوە بێت. لەم بارەیەوە گوتی: "من چەندین جار گوتوومە و باوەڕی تەواوم پێیەتی، کە هەرگیز لە بەرامبەر رابەری باڵادا ناوەستم. بۆ من یەکڕیزی لە سەرووی هەموو بەهایەکی دیکەوەیە، چونکە ئەگەر یەکڕیزی لەدەست بچێت، دەسەڵات و هێزی وڵات بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە."
پزیشکیان داوای کرد، کێشە و قەیرانەکان لە هەموو رەهەندەکانییەوە سەیر بکرێن نەک تەنیا لە یەک گۆشەنیگاوە، و جەختی کردەوە پێویستە دەسەڵات گوێ لە داواکاریی سەرجەم چین و توێژەکان بگرێت، بەتایبەت ئەو گەنجانەی بەدەست بێکاری و نادیاریی ئاییندەوە دەناڵێنن، یان ئەوانەی کە نیگەرانی و ناڕەزایەتییان هەیە، چونکە هەموویان هاووڵاتیی ئەم وڵاتەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پزیشکیان ئاماژەی بە سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر سوپای پاسداران کرد و گوتی: "سەپاندنی گەمارۆ بەسەر سوپای پاسداران، نیشانەی ترس و دڵەڕاوکێی ئەوانە لە هێزی بەرگریی ئێران."