تونجه‌ر باکرهان: دەمیرتاش بەشداریی کۆنگرەی داهاتووی دەم پارتی دەکات

تونجه‌ر باکرهان، هاوسەرۆکی ده‌م پارتی
تونجه‌ر باکرهان، هاوسەرۆکی ده‌م پارتی

هاوسەرۆکی ده‌م پارتی رایگەیاند: یاسای چوارچێوە کاریگەری لەسەر دۆخی 125 هەزار کەس هەیە. دەشڵێت: لە پایزی داهاتوو پارتەکەیان کۆنگرە دەبەستێت و دەمیرتاشیش بەشداری کۆنگرەکە دەکات.

هەینی، 14ـی ئابی 2026، تونجه‌ر باکرهان، هاوسەرۆکی ده‌م پارتی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تورکیدا گوتی: کاتێک یاسای چوارچێوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، 3 هەزار و 900 کەسی دیکە کە لە زینداندان ئازاد دەکرێن.

باکرهان ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی ئاشکرا بەردەوامە سەبارەت بە 75 هەزار کەس و لێکۆڵینەوەی نهێنی سەبارەت بە 50 هەزار کەس، بە گشتی ئەم یاسایە کاریگەری لەسەر 125 هەزار فایل هەیە.

دەشڵێت: بە پێی یاسا، ئەو کەسانەی پێش ساڵی 2005 سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە چالاکییە کوشتنەکاندا، سوود لە یاساکە نابینن. دۆخی ئەوان لە قۆناخی دووەمدا هەڵدەسەنگێندرێت کە ژمارەیان 900 کەس دەبێت. جگە لەمانە ئەم یاسایە هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە.

باکرهان هەروەها رایگەیاند، لە پاییزدا کۆنگرەی گشتی خۆیان دەبەستن و چاوەڕێی ئەوە دەکەن سەڵاحەددین دەمیرتاش و ژمارەیەکی زۆر لە کادر و سەرکردەکان کە لە دەرەوەی وڵاتن بەشداریی کۆنگرەکە بکەن.

رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوای گفتوگۆیەکی چڕ، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای "به‌هێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.

پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری دێت، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران. 

پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکهاتبوو لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەشکرابوو.