عێراقچی: هیچ بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەدراوە
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات، کە سەرەڕای ئاڵوگۆڕی پەیام لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە فەرمییەکان لەگەڵ ئەمریکا نەدراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بڵاوی کردەوە، تاران لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەگاتە ئەنجامێک لە دانوستانەکانی لەگەڵ عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ عومان و پرسی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز دوو بابەتی تەواو جیاوازن لە یەکدی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی روون کردەوە، دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی چەند مەرجێکەوە کە پێویستە ئەمریکا پابەند بێت بە جێبەجێکردنیانەوە.
لە بارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکاوە، عێراقچی، رایگەیاند: تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن نەدراوە.
هاوکات گوتیشی: ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە، بەڵام ئەمە بە واتای دەستپێکردنەوەی فەرمیی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا نایەت.