ئەمریکا: ئەرکی کەشتیی 'لینکن' لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێهات

"کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن بەمزووانە دەگەڕێتەوە ئەمریکا"

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'ئەبراهام لینکن'، دوای زیاتر لە 260 رۆژ لە مانەوە و پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەرکەکەی کۆتایی پێهات و بەمزووانەش دەگەڕێتەوە بۆ واشنتن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، هۆنگ کاو، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن" ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهاتووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا.

هەروەها دەڵێت: لەسەر کەشتییەکە، چارەسەری پێویست بۆ چەندین حاڵەتی تێکچوونی باری دەروونیی ستافەکە کراوە، بێ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "يو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن" زیاتر لە 260 رۆژ لە دەریادا مایەوە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم مانەوە درێژخایەنە لەگەڵ خۆیدا چەندین کێشەی تەندروستی و گوزەرانیی بۆ ستافەکە دروستکردبوو، کە بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای خانەوادەکانیان و کۆنگرێسی ئەمریکا؛ هەرچەندە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسیان لە گیانلەدەستدانی هێزەکانی سەر بەم کەشتییە دەکرد.