ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: گەرووی هورمز بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی تاران دایە و هۆشداریشی دا کە ئەو ناوچەیە بە پۆستکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن کۆنترۆڵ ناکرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: "دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتی کە دوای شکستپێهێنانی ئێران، بەمزووانە گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا رادەگەیەنێت! بەڵام گەرووەکە نە بە پۆستکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نە بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، نە بە فەرمانی فەرمی و نە بە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن کۆنترۆڵ دەکرێت."

غەریبئابادی، جەختی لەوە کردەوە، ئێران لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناترسێت و سەر بۆ نمایشکردنی هێز نەوی ناکات.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، هەر لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ گوتی: "بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە دان بەو راستییەدا بنێن کە ئێوە تا ئێستا تووشی شکستە ستراتیژییە گەورەکان بوون؛ گەرووی هورمز ئێرانی بووە، ئێستاش ئێرانییە و بە ئێرانییش دەمێنێتەوە." 

هاوکات دووپاتی کردەوە، کردنەوە و داخستنی گەرووی هورمز تەنیا لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئێراندایە و، هۆشداری دایە ئەمریکا و دەڵێت: "تا ئەو کاتەی دان بە راستیی شکستەکەتاندا نەنێن و دەست بە خەیاڵاتەوە بگرن، ئێران لەسەر سەپاندنی گەمارۆکانی بەردەوام دەبێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەمزووانە گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا دەناسێنێت و گورزێکی ئابووریی کوشندە لە تاران دەدات.