بوومەلەرزەیەکی بەهێز کەناراوەکانی ئیندۆنیزیای هەژاند

کەناراوەکانی ئیندۆنیزیا رووبەڕووی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر بووەوە و ناوەندی لێکۆڵینەوەکانیش هۆشداریی لە ئەگەری روودانی سۆنامی لە ناوچەکەدا دەدەن.

شەممە، 15ـی ئابی 2026، میدیاکانی ئیندۆنیزیا بڵاویان کردەوە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی وڵاتەکەی هەژاند.

ناوەندی بومەلەرزەزانیی ئەوروپا و دەریای نێوەڕاست، هۆشداریی لە ئەگەری روودانی شەپۆلەکانی سۆنامی لە ناوچەکەدا دا.

بە پێی زانیارییەکانی ناوەندەکە، بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 9:58 شەوی هەینی بە کاتی جیهانیی (UTC) لە دووریی 162 کیلۆمەتر لە شاری 'لابوان باجۆ' و لە قووڵایی 35 کیلۆمەتری ژێر زەویدا تۆمار کراوە.

راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەرینەوەی بەهێز لە ناوچەکەدا هەست پێکراوە و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ناوچەکە لە بارەی پاشلەرزەکان و کاریگەرییە گشتییەکانی دروستبووە.

 تا ئێستا زانیاریی ورد لەسەر قەبارەی زیانە مادی و گیانییەکان بڵاونەکراوەتەوە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆییەکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە.