کۆشکی سپی: لێدوانەکەی ترەمپ بۆ لکاندنی گەرووی هورمز تەنیا "گاڵتە" بووە

بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە راگەیاندنی گەرووی هورمز وەک خاکێکی ئەمریکی، تەنیا بۆ گاڵتە بووە و مەبەست لێی جیدی نەبووە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی، نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاوی کردەوە: "ترەمپ ئەو لێدوانانەی لە چوارچێوەی گاڵتەوگەپدا بەکارهێناوە."

ئەم روونکردنەوەیەی کۆشکی سپی دوای ئەوە دێت رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە میانی وتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی لە ئەکادیمیایەکی پۆلیس لە ویلایەتی نیویۆرک، بە پێکەنینەوە رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە تێکشکاندنی ئێران دەبینەوە، [ئێستا دوچاری شکستێکی زۆر سەخت بووەتەوە، زۆر بەمنزیکانە گەرووی هورمز وەک خاکێکی ئەمریکی رادەگەیەنم."

ترەمپ لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە، ئێستا گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە و گوتی: "ئێمە گەمارۆی بەندەرەکانی ئێرانمان داوە و هیچ کەشتییەک ناتوانێت تێپەڕێت مەگەر خۆمان بمانەوێت."

لە بەرامبەردا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی توندی دایەوە و رایگەیاند: "گەرووی هورمز بە ئێرانی بووە، هەیە و بە ئێرانیش دەمێنێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێڕەوە ئاوییە تەنها بە فەرمانی ئێران دەکرێتەوە یان دادەخرێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە، بە ئامانجی رێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە. لە بەرامبەردا تاران چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، ئەمەش بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.