کۆشکی سپی: سوپاکەمان بەهێز دەکەین
کۆشکی سپی رایگەیاند، کارە لەپێشینەکانی ئەمریکا گۆڕاوە و تەرکیز دەخرێتە سەر پڕکردنەوەی کۆگا سەربازییەکانی وڵاتەکەیان، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هاوکارییە بەردەوامەکان بۆ ئۆکرانیا و جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا تووشی کەمیی چەک و تەقەمەنی بووەتەوە.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەداخەوە سەرۆک جۆو بایدن بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی وڵاتەکەمانی بەسەر ئۆکرانیادا دابەش کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی توانای بەرگریمان. بەڵام سەرۆک ترەمپ لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە جەختی لەسەر گەڕاندنەوەی شکۆ و بەهێزکردنەوەی جبەخانە سەربازییەکانی ئەمریکا کردووەتەوە."
ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی کۆشکی سپی وەک وەڵامێک بوو بۆ داواکارییە بەردەوامەکانی ڤلادیمێر زیلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کە داوای سیستەمی بەرگریی پاتریۆت و مووشەکی تێکشکێنەری زیاتری دەکرد.
لەو چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی ناو نووسینگەی رێزۆلوت لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ داواکارییەکی زیلێنیسکی بۆ وەرگرتنی موشەکی زیاتری پاتریۆت رەتکردووەتەوە. ترەمپ هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەمریکا خۆی ئێستا بەدەست کەمیی مووشەکەوە گرفتارە، چونکە بڕێکی زۆری لە کارە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکارهێنراوە.
پێشتر زیلێنیسکی ئاماژەی بەوە کردبوو، وڵاتەکەی تەنیا بەوە دەتوانێت لە زستان دەربازی ببێت کە ئەمریکا 5٪ی کۆگای مووشەکەکانی پاتریۆتی پێ بدات، تەنانەت ئامادەیی نیشاندابوو بۆ گۆڕینەوەی چەک وەک بژاردەیەک بۆ دەستکەوتنی ئەو تەقەمەنییانە.
بەگوێرەی راپۆرتە سەربازییەکان، ئەمریکا ئێستا بەدەست کەمیی مووشەکەکانی پاتریۆت و تادەوە گرفتارە، بەتایبەت دوای ئەوەی بڕێکی زۆریان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج کران. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن پڕکردنەوەی ئەم کۆگایانە رەنگە چەند ساڵێکی بخایەنێت.
ئێستا ئیدارەی ترەمپ فشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد بکەن. هەروەها ستراتیژی نوێی واشنتن بەرەو ئەوە دەچێت کە لەبری بژاردەی سەربازی، فشاری ئابووری زیاتر بخاتە سەر ئێران، تاوەکو بتوانێت پاشەکەوتە سەربازییەکانی بۆ بەهێزکردنی ناوخۆی ئەمریکا بەکاربهێنێتەوە.