ترەمپ دەیەوێت تەکنەلۆژیای کۆن لە فڕۆکەهەڵگرە ئەمریکییەکاندا بەکاربهێنرێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی فەرمی ئاراستەی هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ دەستبەرداربوون لە سیستەمی پێشکەوتووی "هەڵدانی ئەلیکترۆمەگنێتی" لەو فڕۆکەهەڵگرانەی ئێستا لە قۆناخی بونیادناندان، و گەڕانەوە بۆ سیستەمی کۆنی "هەڵم". ئەم بڕیارە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و شارەزایان پێیان وایە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی ملیارەها دۆلار و پەکخستنی کاتی چوونە خزمەتی فڕۆکەهەڵگرە نوێیەکان.

بەگوێرەی یاداشتنامەیەکی کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە دەرچووە، بیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا راسپێردراوە لە ماوەی 60 رۆژدا پلانێک پێشکەش بکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمی هەڵدانی هەڵم لەسەر فڕۆکەهەڵگری دۆریس میڵەر ئێستا لە قۆناخی دروستکردندایە. کۆشکی سپی دەڵێت; ئەم هەنگاوە بۆ "چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییە درێژخایەنەکانە" لە بەرنامەی دروستکردنی کەشتییەکانی هێزی دەریاییدا.

برایان کلارک، لێکۆڵەر لە پەیمانگای هەدسن بە تۆڕی CNNی راگەیاندووە، ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە پێویستی بە دووبارە دیزاینکردنەوەی فڕۆکەهەڵگری دۆریس میڵەر هەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە، تێچووی ئەم کارە دەگاتە ملیارەها دۆلار و وادەی چوونە خزمەتی فڕۆکەهەڵگرەکە بڕیار بوو ساڵی 2034 بێت، بۆ کۆتایی دەیەی داهاتوو (نزیکەی 2040) دوادەخات.

کلارک روونی کردەوە، سیستەمی ئەلیکترۆمەگنێتی زۆر سادەتر و کاراترە و ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار لە تێچووی چاککردنەوە و کارپێکردن دەگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا سیستەمی هەڵم زۆر ئاڵۆزە و ئێستا هیچ کۆمپانیایەک لە ئەمریکا نییە ئەو سیستەمە دروست بکات، ئەمەش واتە پێویستە هێزی دەریایی لە سفرەوە دەست بە دروستکردنی کارگەی تایبەت بەو سیستەمە بکاتەوە.

کریس کافاس، رۆژنامەنووسی بواری سەربازی و دەریایی، بڕیارەکەی ترەمپی بە "بیرکردنەوەیەکی زۆر کۆنەپەرستانە" وەسف کرد. کافاس ئەزموونی گەشتی بە هەردوو سیستەمەکە هەیە، دەڵێت: "سیستەمە نوێیەکە (ئەلیکترۆمەگنێتی) زۆر نەرمترە و فشارێکی کەمتر دەخاتە سەر فڕۆکەکان، گەڕانەوە بۆ دواوە هیچ سوودێکی تەکنیکی نییە."

لە لایەکی دیکەوە، سیناتۆر مارک کێلی، فڕۆکەوانێکی دێرینی هێزی دەریاییە، بە توندی رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و گوتی: "من سەدان جار لەسەر فڕۆکەهەڵگرەکانەوە فڕیوم و ماستەرم لە ئەندازیاری فڕۆکەوانیدا هەیە، کەچی جورئەت ناکەم ئامۆژگاری هێزی دەریایی بکەم لەسەر چۆنیەتی دیزاینکردنی سیستەمەکان. پێویستە ترەمپ تەنیا خەریکی ئەو شتانە بێت کە تێیاندا باشە: وەک مایەپووچبوون و قسەی بێمانا."

ئێستا فڕۆکەهەڵگری جێرالد فۆرد، نوێترین کەشتیی ئەمریکایە، سیستەمی ئەلیکترۆمەگنێتی بەکاردێنێت، لە کاتێکدا 10 فڕۆکەهەڵگرە کۆنەکەی دیکە (پۆلی نیمیتز) هێشتا بە سیستەمی هەڵم کار دەکەن. گەڕانەوە بۆ سیستەمی کۆن بە واتای دروستبوونی قەیرانی کەمیی فڕۆکەهەڵگر دەبێت لە داهاتوودا، چونکە کەشتییە کۆنەکان لە خزمەت دەردەچن و کەشتییە نوێیەکانیش بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە چەندین ساڵ دوادەکەون.